موحسین جاوید
کاتێک کورد مافی بوون به ڕێبه‌ری کۆماری ئیسلامی نییه،
کاتێک کورد مافی بوون به سه‌رکۆمار و جێگره‌که‌ی نییه،
کاتێک کورد مافی بوون به وه‌زیری نییه،
کاتێک کورد مافی بوون به سه‌رۆک، جێگر سه‌رۆک یان ئه‌ندامی مه‌جلیسی خوبره‌گانی ڕیبه‌ریی نییه،
کاتێک کورد مافی بوون به سه‌رۆک، جێگر سه‌رۆک یان ئه‌ندامی شوڕای نیگه‌هبانی نییه،
کاتێک کورد مافی بوون به سه‌رۆکی مه‌جلیسی ته‌شخیسی مه‌سڵه‌حه‌تی نیزام، جێگر سه‌رۆک و ئه‌ندامێتی ئه‌و مه‌جلیسه‌ی نییه،
کاتێک کورد مافی بوون به سه‌رۆکی مه‌جلیسی شوڕای ئیسلامی و جێگری شماره یه‌ک و دووی سه‌رۆک مه‌جلیسی نییه،
کاتێک کورد مافی بوون به سه‌رۆکی هیچ کام له کۆمیسیۆنه‌کانی مه‌جلیسی شوڕای ئیسلامی نییه،
کاتێک کورد مافی بوون به سه‌رۆکی دیوانی عالیی ئێرانی نییه،
کاتێک کورد مافی بوون به سه‌رۆکی ده‌زگای قه‌زایی کۆماری ئیسلامی نییه،
کاتێک کورد مافی بوون به به‌رپرسی سه‌دا و سیمای کۆماری ئیسلامی نییه،
کاتێک کورد مافی بوون به سه‌رۆکی بانکی مه‌رکه‌زی نییه،
کاتێک کورد مافی بوون به سه‌رۆک و جێگر سه‌رۆکی هیچ کام له هێزه چه‌کداره‌کانی ئێرانی نییه،
کاتێک کورد مافی بوون به سه‌فیری هیچ کام له سه‌فاره‌تخانه‌کانی کۆماری ئیسلامی له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی نییه،
کاتێک کورد مافی بوون به نوێنه‌ری ئێران له ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانی نییه،
کاتێک کورد مافی بوون به سه‌رۆک و جێگر سه‌رۆکی ڕێکخرای ئاژانسی وه‌زه‌ی ئه‌تۆمیی ئێرانی نییه،
کاتێک کورد مافی بوون به سه‌رۆک و جێگر سه‌رۆکی ئیداره‌ی زیندانه‌کانی کۆماری ئیسلامی نییه،
کاتێک کورد مافی بوون به سه‌رۆک و جێگر سه‌رۆکی هیچ کام له ئۆڕگانه ڕه‌سمییه‌کانی کۆماری ئیسلامی نییه،
کاتێک کورد مافی بوون به سه‌رۆک و جێگر سه‌رۆکی سازمانی بوورسی ئێرانی نییه،
کاتێک کورد مافی بوون به سه‌رۆک و جێگر سه‌رۆکی سازمانی بازرگانیی ئێرانی نییه،
کاتێک کورد مافی بوون به سه‌رۆکی زانکۆی ئازاد و ده‌وڵه‌تیی سه‌راسه‌ری ئێرانی نییه،
کاتێک کورد مافی بوون به سه‌رۆکی شووڕای فه‌رهه‌نگیی ئێرانی نییه،
کاتێک که‌ڕوبی و مووسه‌وی و هیچ کام له کاندیداکانی دیکه ناتوانن و نایانهه‌وێ و ناهێڵن هیچ کام له‌و به‌ڵێنییانه‌ی وا بۆ ده‌نگ کۆکردنه‌وه، به خه‌ڵکی کوردی ده‌ده‌ن، ته‌نانه‌ت یه‌ک له سه‌دی جێ به جێ بکه‌ن و بیبه‌نه سه‌ر و به‌ڵێنییه‌کانیان له درۆی شاخدار زیاتر نییه،
کاتێک ده‌نگدان و ده‌نگ نه‌دان به یه‌ک ئه‌ندازه له دیاری کردنی سه‌رکۆماردا ده‌وری هه‌یه و هیچ مانا و مه‌فهوومێکی واقعیی نییه،
کاتێک ناوی سه‌رکۆمار نه‌ک له سندووقه‌کانی ده‌نگدانه‌وه، به‌ڵکوو له پێچ و کڵاو و عه‌بای ویلایه‌تی فه‌قیه‌وه دێته ده‌ر و که‌س مافی لێپرسینه‌وه و به‌دواداچوونی نییه،
کاتێک کورد چ ده‌نگ بدا و چ ده‌نگ نه‌دا، هه‌ر لێی ده‌کوژرێ، لێی ده‌خرێته زیندان، لێی ئه‌شکه‌نجه ده‌کرێ و هیچ ده‌ره‌تانێکی نییه،
کاتێک کورد چ ده‌نگ بدا و چ ده‌نگ نه‌دا، هه‌موو ڕۆژێ سووکایه‌تی پێ ده‌کرێ و بیری نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی زامار ده‌کرێ و ئه‌م سووکایه‌تییانه هیچ سنوورێکی نییه،
کاتێک خوێندن و نووسین به زمانی کوردی نییه،
کاتێک له خوێندنگاکانی کوردستان دیالۆکی نێوان مامۆستا و قوتابی ده‌بێ به زمانی فارسی بێت و کوردی قسه کردن له نێو خوێندنگاکانی کوردستان قه‌ده‌غه و قاچاخه و هیچ ئازادییه‌ک له‌مباره‌وه نییه،
کاتێک کورد مافی هه‌ڵبژاردنی ناوی کوردی بۆ منداڵی خۆی یان بۆ دوکان و شوێنی کاری خۆی نییه،
کاتێک کورد هیچ پرسێکی له ئیداره‌ی وڵاتی ئێران و ته‌نانه‌ت کوردستاندا پێ ناکرێ و نه ته‌نیا له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاستی سه‌ره‌وه‌دا به‌شدار نیه، به‌ڵکوو له سه‌دا 95ی به‌رپرسانی دام و ده‌زگا ئیدارییه‌کانی خودی کوردستان که‌سانی غه‌یره کوردن و ڕۆژڕه‌شی و چه‌رمه‌سه‌ریی خه‌ڵکی کوردستان هیچ نرخێکی بۆ کۆماری ئیسلامی نییه،
کاتێک له دوای سه‌رکه‌وتنی که‌روبی یان موسه‌وی، وه‌زعی گه‌لی کورد هه‌ر به‌و جۆره ده‌بێ وا له دێڕه‌کانی سه‌روه‌تردا ئاماژه‌م پێدا و هیچ هیوایه‌ک بۆ گۆڕان له کۆماری ئیسلامی‌دا نییه،
کاتێک هه‌تا کۆماری ئیسلامی له‌سه‌ر کار بێت هیچ کام له‌و "نییانه‌ی" سه‌ره‌وه نابێ به "هه‌یه"،
کورد بۆ ده‌بێ ده‌نگ بدات!؟