فیلمێكی كوردی بۆ خەڵاتی كامێرای زێڕینی "كان" پاڵێوراوە
26 فیلم لە وڵاتانی دنیا كێبەركێ لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی كامێرای زێڕ دەكەن لە فێستیڤاڵی كان و فیلمی كوردیی "سرتە لەگەڵ با"ش یەكێكە لە فیلمە ركابەرەكان بۆ بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە.
ئەمڕۆ هەینی ماڵپەڕی رۆژنامەی "لوفیگارۆ"ی فرەنسایی بڵاوی كردەوە "بڕیارە سەرلەئێوارەی سبەی 23ی ئایار/مایۆ خەڵاتی كامێرای زێڕینی فێستیڤاڵی سینەماییی كان بدرێتە یەكێك لە فیلمە بەشدارەكانی كێبەركێی ئەوبەشەی فێستیڤاڵەكە، بۆ ئەو مەبەستەش 26 فیلم لە وڵاتانی جیاوازی دنیا كێبەركێ دەكەن بۆ بردنەوەی ئەو خەڵاتە".
وەك لە هەواڵەكەدا هاتووە فیلمی كوردی whisper with the wind"سرتە لەگەڵ با"ی دەرهێنەر شەهرام عەلیدی، یەكێكە لە فیلمە ركابەرەكانی نێوان ئەو 26 فیلمە كە بەناوی كوردستانی عێراق بەشداریی بەشی هەفتەی رەخنەگرانی 62 مین فێستیڤاڵی "كانی" سینەمایی لە فرەنسا كردووە و كاتی فیلمەكە یەك سات و 17 خولەكە".
هەواڵەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە "خەڵاتی كامێرای زێڕین" لە ساڵی 1978 لە فێستیڤاڵی كاندا دامەزراوە و بەباشترین دەرهێنەری فیلمێك دەدرێت، خەڵاتی ساڵی 2008یش درا بەدەرهێنەریی بەریتانیایی ستیڤن ماكوین كە بەفیلمی "برسی" بەشداریی فیستیڤاڵەكەی كردبوو".
لە هەواڵەكەدا هاتووە "لێژنەی سەرپەرشتیی بەخشینی ئەم بەشەی فیستیڤاڵەكە لەلایەن چەند ئەكتەر و هونەرمەندی ناوداری دنیا بەڕێوە دەچێت و لەلایەن ئەكتەری بەناوبانگی فرەنسایی رۆشدی زەم سەرپەرشتی لێژنەكە دەكرێت".
جێی ئاماژەیە 7 فیلمی فرەنسایی بۆ بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە پاڵێوراون